Skip to the content

دوای بەهاناوەچوونی چەند گەشتیارێکی دانیمارکی ئەفسەرێک و پێشمەرگەیەک ڕێزیان لێنرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٢، لە بارەگای لیوای ٤ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەلایەن فەرماندەی لیواوە ڕێز لە هەڵوێستی کوردانە و مرۆڤدۆستانەی ئەفسەرێک و پێشمەرگەیەکی لیواکە گیرا، کە بەهانای دوو گەشتیاری دانیمارکییەوە چووبوون.

لە رۆژانی رابردوودا دوو گەشتیاری دانیمارکی، کە هاتبوونە هەرێمی کوردستان و لەمیانی گەڕانیان لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک سەردانی دەڤەری کانیماسییان کردبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانیان بە ناو چیا و دۆڵەکانی ئەو دەڤەرەدا، لە ئەنجامی پێدا تەقینەوەی مین، یەکێکیان گیان لەدەست دا و ئەوەی دیکەشیان بریندار بووبوو.

لە هەڵوێستێکی کوردانە و مرۆڤدۆستانەدا، ڕائید کەمال عەبدولڵا و میهڤان ئیسلام لە لیوای ٤ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەخۆبووردووانە و بەمەبەستی ڕزگارکردنی ئەو دوو گەشتیارە بیانییە، بە هانایانەوە دەچن. دوای گەیشتنیان بە شوێنی رووداوەکە یەکێک لە گەشتیارەکان گیانی لەدەست دابوو، ئەوەی دیکەشیان بریندار ببوو، بۆیە بەپەلە لەو شوێنە دەیانگوازنەوە و دەیانگەیەننە نەخۆشخانەی دهۆک. 

لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا عەمید ڕوکن محەمەد عەبدولڵا، فەرماندەی لیوای ٤ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، دیاری ڕێزلێنانی بەو ئەفسەر و پێشمەرگەیە بەخشی و ستایشی ئەو کارە جوامێرانەیەیانی کرد.

شیاوی ئاماژەپێدانە ئەم هەڵوێستە مرۆیی و ڕەوشتییانەی پێشمەرگە، لە فەرهەنگی کوردەواریدا بەرانبەر خەڵکی سڤیل و بیانی پێگەیەکی دیار و گرنگی هەیە. جیا لەوەی پێشمەرگە بە گرنگییەوە پاراستنی ژیانی ژن و منداڵان و خەڵکی بێ چەکی بە پیرۆز زانیوە.