Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند پرسێکیان تاووتوێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٥ی ئابی ٢٠٢٢،  لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە،  پێشوازی لە ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێک لە بەرپرسانی حکوومی کرد.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان پیرۆزباییان لە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ خواست.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق تاووتوێ کرا و پرسی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانیش بەتایبەتی باس کرا.

لیوا ڕوکن بەختیار سوپاسی شاندی میوانی کرد و داواکار بوو نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە هەر پرسێکی پەیوەست بە هێزەکانی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ هاوکار بن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بەگرنگییەوە باسیان لە پەیوەندییەکانی سوپای عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی پێشمەرگە کرد و  بەڵێنی سەرخستنی هەر پرسێکی سەربازی درا کە سوودی بۆ نەهێشتنی تیرۆر لە ناوچەکەدا هەبێت.