Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکاری تیمی سەربازیی هۆڵەندا جەختیان لە چاکسازیی سەربازی کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢، لیوار ڕوکن بەختیار محەمەد سديق ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە عەقید بارت ڕاوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبونەوەکەدا باس لە پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کرا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا عەقید بارت پشتیوانیی خۆی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە، هەروەها هیوای خواست هەوڵەکان لەپێناو سەرخستنی زیاتری پڕۆسەکە چڕتر بکرێنەوە.

بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی ڕۆڵی ڕاوێژکارانی هۆڵەندا و هێزەکانی هاوپەیمانی کرد لە بەرەوپێشخستنی پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە.

هیوایشی خواست هاوکاری و پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەناویشیاندا هێزەکانی هۆڵەندا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامیان هەبێت؛ ئەمەش لەپێناو بەرەوپێشبردنی زیاتری پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا.