Skip to the content

ڕیفۆرمی بواری پێشمەرگە هەنگاوی خێراتر دەنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ۳٠ی ئابی ۲٠۲۲، عەمید نەبەز سەلاح بەرێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێک لە ئەفسەرانی بەرێوەبەرایەتییەکە، بە جیا لەگەڵ هەریەک لە بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆڵۆنێڵ سانبۆرن و شاندی یاوەری کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرێوەبەری چاکسازی بەرەوپێشچوونەکانی بەرنامەی ریفۆرمی وەزارەتی خستەڕوو و باسی لە ئاستەنگ و ڕێگرییەکانی ئەو بەرنامەیەکە کرا، هاوکات ئاماژە بەپێویستییەکانی تیمی پڕۆژەکان کرا بۆ ئەوەی کارەکان باشتر و چڕتر بەرەوپێشەوە بڕوات.

هەر هەمان ڕۆژ بەرێوەبەری چاکسازی لەگەڵ کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤ ڕاوێژکاری سەربازیی وڵاتی بەریتانیا کۆبووەوە و تاوتوێی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی ریفۆرمی پێشمەرگە کرا و جەخت لە میکانیزم و هەنگاوە پێویستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە.

بەرچاوڕوونییش لەسەر ئەوە درا کە لە ماوەی داهاتوودا لەسەر ئاستی ئیداری و سەربازی، پڕۆسەی ریفۆرمی وەزارەت هەنگاوی پراکتیکیی زیاتر بنێت.