Skip to the content

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری سەربازی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ۱۳ی کانوونی یەکەمی ۲٠۲۲، لیوا ڕوکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی جێگری بەڕێوەبەر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەرێوەبەرایەتییەکە، سەربەپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی سەربازی کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە ئیشوکاری ڕۆژانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی سەربازی و چۆنیەتیی جێەبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان کرا.

یەکێک لەو باسانە تاووتوێکردنی چاکسازیی دارایی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دانانی بودجە بۆ وەزارەت و یەکەکانی ۷٠ و ۸٠ بوو. هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا لەلایەن ئەمینداری گشتی چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی ژمێریاریی سەربازی و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان خرایەڕوو، لەلایەن ئامادەبووانیشەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەیەوە کرا.