Skip to the content

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە جیسیکا سفار دستروم، باڵیۆزی سوید و ماتس کارلسون سکرتێری دووەم بۆ کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا کە عمید روکن محمد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە مەترسیەکانی داعش کرد و رایگەیاند، راستە داعش هێزو دەسەڵاتی جارانی نەماوە و خەلافەتەکەی لەناوچووە، بەڵام هێشتا داعش توانای هەیە ببێتە مەترسی جدی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی ناووچەکە و پێویستە هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ بەرگرتن لە هەڕەشەو کردەوە تیرۆرستیەکانی ئەو ڕێکخراوە بەتایبەت لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.''

ڕەوشی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکان و مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت پرسی بۆردومان کردنی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ خرایە بەرباس.
باڵیۆزی سوید لە عێراق رایگەیاند:''شەرەفمەندین، کە بەردەوامین لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی داعش.''
سوید یەکێکە لەو وڵاتانە کە ڕێژەیەکی بەرچاوی ڕەوەندی کورد لەخۆ گرتوە، ئاستی پەیوەندییەکانیان لە رووی فەرهەنگی و تێکەڵاوبوونی کۆمەلایەتیەوە کاریگەری لەسەر بەهێزبوونی پەیوەندییەکان نێوان سوید وهەرێمی کوردستان دروستکردوە.