Skip to the content

بەڕێوەبەری چاکسازی و راوێژکاری سوپای ئەڵمانیا کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، عەمید نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ مارك، راوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوپای ئەڵمانیای فێدراڵ کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، بەڕێوەبەری چاکسازی پوختەیەكی لە سەر کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی خستەڕوو.
لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ مارك، پشتگیری وڵاتەکەی بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و سەرخستنی پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی دووپاتکردەوە.
سەبارەت بە پڕۆژەی ئەفسەرانی پۆل، کە یەکێکە لە پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی و راوێژکارانی وڵاتی ئەڵمانیایە و کاری لە سەر دەکەن، کۆڵۆنێڵ مارك ئاماژەی بەوەدا کە کار دەکەن بۆ دروستکردنی بینایەیەك وەك قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل.
دواتر باس لە چۆنیەتی پێشخستن و برەو دان بە نەخۆشخانەی پێشمەرگە کرا، کە بەشێکە لە پڕۆژەی بواری تەندروستی پێشمەرگە لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی، کە ئەویش لەلایەن وڵاتی ئەڵمانیا دروستکراوە و ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە سودی لێدەبینن.