Skip to the content

شاندێکی باڵا سەربازیی هەرێم بەشداری کۆنفڕانسێکی ئەمنیان لە هەنگاریا کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی ئەمنی، کە پەیمانگای (داب)ی هەنگاری ئامادەیکردبوو، شاندێکی باڵای سەربازی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەندامێتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەت و لیوا سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخموور- گوێڕ، سەردانی وڵاتی هەنگاریایان کرد.

کۆنفڕانسی ئەمجارە، تایبەت بوو بە جیۆپۆلیتیک و شاندی هەرێمی کوردستان بەشداری چەند دیبەیتێکیان لەسەر پرسی ئاسایش و جیۆپۆلیتیک کرد.
لەو سەردانەدا بۆ وڵاتی هەنگاریا، شاندی باڵای سەربازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە چەند کۆبوونەوە و دیدارێکیان ئەنجامدا و بەرپرسانی باڵای هەنگاریا پابەندیی خۆیان بۆ هاوکاری و هەماهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بەڵێنیان دا کە هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ پشتیوانی و پشتگیرییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش.