Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە هاوکاریی زیاتری بریندارانی شەڕی داعش دەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی سێشەممە، ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بە ڕۆڵی بریندارانی شەڕی دژی داعش دا و دووپاتیکردەوە "وەزارەتی پێشمەرگە هەموو کارئاسانییەک لەپێناو چارەسەرکردنیان دەکات، لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو کاتێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لەسەر هێڵ بووینە بۆ هەموو یارمەتی و کارئاسانییەک لەپێناو چارەسەرکردنیان، چونکە خوێنی ئەو بریندار و شەهیدانە بووە هەوێنی دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان."

ئەم لێدوانەی بریکاری وەزارەت لە کاتێکدا هات کە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە پێشمەرگەی بریندار سەیفەدین زکری، جێگری ئەفسەر بە پلەی نایاب کرد. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣ی ئاداری ٢٠١٥، لە شەڕی دژی داعش لە میحوەری وانکێ، هەردوو قاچی لەدەست دا و ئێستا دوو قاچی دەستکردی بۆ درووستکراوە.

لەلای خۆیەوە ئەو بریندارەی شەڕی دژی داعش ڕایگەیاند: "ئێستا بەو قاچە دەستکردانە کە بۆی دابینکراوە، تا ئاستێک ئومێدێكی بۆ گەڕاندووەتەوە، بە شێوەیەک دەتوانێت ڕێژەیەك لە ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێبکات."

شیاوی باسە لە دوای شەڕی داعش، وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چارەسەری خێرا و ناردنەدەرەوەی پێشمەرگەکان ویستوویەتی زیان و ئازاری پێشمەرگەکان کەمبکاتەوە و ژیانی ئاساییان بۆ بگەڕێنێتەوە.