Skip to the content

ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان:"دروستکردنی فیرقە تازەکان لە بەرژەوەندیی ئایندەی پێشمەرگەدایە"

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی کۆڵۆنێڵ سۆریا، بەرپرسی تیمی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد. 
لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی سێ لیژنە کرا بۆ سەردان و کەشفکردنی شوێنی بارەگاکان و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانیان و ئامادەکردنی دەرخستەیەکی درووست بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئیدارییەکانی بارەگای فیرقەکان لە ماوەیەکی دیاریکراودا.

سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی فیرقەکان کرد لە ناو هێزی پێشمەرگە، بە ئامانجی  زیاتر کۆنتڕۆڵکردن و سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگە، راشیگەیاند: "بە هاوکاریی دۆستانمان لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی، بەخێرایی هەنگاو لەوبارەوە نراو. ئێستاش لە قۆناغەکانی کۆتایی ئەم پڕۆسەیەداین کە دواجار لە سوودی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبێت."

بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆی بە ڕێکارەکانی  وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی، بە تایبەت لەپرسی دروستکردنی فیرقەکان و گوتیشی: "دروستکردنی فیرقەکان  لە ئێستادا جێگای دڵخۆشیی هەمووانە و بە هەنگاوێکی گرنگ و پێویستی دەزانین بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە." هاوکات دووپاتی لە ڕۆڵی خۆیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لەپاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە لە رووی لۆجستی و ڕاوێژکارییەوە.