Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پلانی ساڵانەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و خاچی سوور بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)—رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی و بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی و کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سووری نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، پلانی ساڵانەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و خاچی سوور، بۆ ساڵی داهاتوو تاوتوێ کرا و سەبارەت بە چالاکی هاوبەشی نێوان هەردوولا لەبارەی یاسا و رێساکانی خاچی سوور و بەتایبەتی (یاسای ناکۆکی چەکداری) بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە عەمید شوان مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی و عەمید عارس حەبیب حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی و عەمید نیزام عەلی، بەڕێوەبەری بەشی پلان و مەشقی ناوخۆ و عەقید محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتمانی و عەقیدی خانەنشین ئۆلیڤێ، نوێنەری خاچی سوور و لوقمان کاکەیی، بەرپرسی مەلەفی سەربازی خاچیسوور لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.