Skip to the content

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تاوتوێکرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محمد سدیق، ئەمینداری گشتی پێشوازییان لە کۆڵۆنێڵ سانبۆرن، بەرپرسی تیمی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و کۆڵۆنێڵ سۆریا، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا شێوازی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گەنگەشە کرا و ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی تیمی راوێژکارانی سەربازی و دیبلۆماتکارانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی تیمە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد لە گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.
شاندی میوان دڵخۆشی خۆیان بە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و رایانگەیاند، بەگرنگیەوە لە هەوڵ و هەنگاوەکان وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەروانن بۆ جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەکە، هاوکات ئاماژەیان بەوەشدا کە بە هاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانین خێرایی بە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.