Skip to the content

ئەڵمانیا پشتیوانی و هەماهەنگییە سەربازییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئیکۆ فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، پرسی ڕیفۆرمی هێزەکانی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی وەزارەت لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەسەر کرا؛ هاوکات باس لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرا.

سەرۆکی ئەرکان ستایشی ڕۆڵ و ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا دەکەین کە هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، بەتایبەت لە پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لەم پێناوەش هەوڵی بێوچانیان بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە داوە."

هاوکات سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کرد و خواستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیانی لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.