Skip to the content

بەڕێوەبەری چاکسازی پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی هاوپەیمانان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەڵاح بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە کۆلۆنێل سۆریا بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد. 

لە دیدارێکدا بەڕێوەبەری چاکسازی بەرچاوڕوونی دەربارەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی دا و پاشان پوختەیەكی  لەسەر ئەو پڕۆژانە خستەڕوو کە لە بەرنامەی کاری بەڕێوەبەرایەتییەکەدایە و ئێستا بە وردی کاریان لە سەر دەکرێت.

لەلایەن خۆیەوە کۆڵۆنێل سۆریا دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و سەرسامیی خۆشی بە هەنگاوەکان وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پرسی چاکسازی نیشان دا.

واژووکردنی ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکان و هۆکارەکانی جێبەجێکردنی، فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن (القیادة والسیطرة) قۆناغەکانی پێکهێنانی دوو فیرقەی هێزی پێشمەرگە و داڕشتنی پلانی داهاتوو بۆ زیادکردنی فرقەکان باسیان لێوەکرا. 

هاوکات داڕشتنی پلانی مەشق بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە لە ئاستی بنەڕەتی تاکوو ئاستی باڵا، تەوەرەیەکی دیکەی دیدارەکە بوون. 
لە کۆتاییدا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی، بە پێی گرنگیی پڕۆژەکان و شاندی میوانیش دووپاتیان لەبەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە؛ لەڕووی  ستراتیژی سەربازی لە ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، بۆ درووستکردن و بنیاتنانی هێزێکی تۆکمەی نیشتیمانی. 
هاوکات هەبوونی هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخێنرا.