Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ پێنجشەممە، ۲٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئیکۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەو دیدارەدا کە عەمید روکن محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەرکان ستایشی رۆڵ و ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد و پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند، بەتایبەت لە پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

هەر بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دیاریی وەزارەتی بەخشیە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوانیان لە هەموو بوارەکاندا بەردەوام بێت و زیاتر بەرەوپێش بچێت.

لەلایەن خۆیەوە کۆڵۆنێڵ ئیکۆ سوپاسی سەرۆکی ئەرکان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، کە لەماوەی رابردوودا بەیەکەوە کاریانکردووە.
هیوای سەرکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە خواست.