Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە میحوەری ٤ و فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی ٢ی بەسەرکردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بە مەبەستی دەستنیشانکردنی شوێن بۆ بارەگای یەکێک لەو دوو فیرقانەی، کە بڕیارە بەم زووانە دەست بەکاربن، هەروەها ئاگاداربوون لەکار و چالاکییەکان و بارودۆخی میحوەری ٤ و هێزەکانی پشتیوانیی ٢ و لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی ئەو ناوچەیەیان کرد کە بۆ دروستکردنی بارەگای یەکێک لەو دوو فیرقەیەی هێزی پێشمەرگە تەرخانکراون کە بەمزووانە دەست بە دروستکردنی دەکرێت.

سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵیی خۆی پیشان دا بەوەی جێی تەرخانکراو، شوێنێکی گونجاو و سەربازییە، لە گوتەیەکیشدا بەڵێنی بە ئەفسەران دا کە بەزوویی کار بکەن بۆ دەستنیشانکردنی شوێن بۆ بارەگای لیواکانی پیادە، بەشێوەیەک کە بۆ پەیکەری لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە گونجاو بێت.

دواتر سەردانی میحوەری ٤ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد؛ لەلایەن محەمەدی حاجی قادر، سەرپەرشتیاری میحوەر و ئەفسەرانی میحوەر پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتیی باشترکردنی کار و ئەرکەکانی هێزەکان لە سەنگەرەکان و ئالیەتی پێویست بۆ خۆپارێزیی زیاتر لە کاتی روودانی حاڵەتە لەناکاوەکاندا کرا.

دواتر سەرۆکی ئەرکان لیواکانی ١ و ١٦ی پیادەی بەسەرکردەوە؛ لە بارەگای هەردوو لیوا لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرانی لیواکانی ١ و ١٦ی پیادە کۆبووەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە هێزەکان زیاتر خۆیان تۆکەمە بکەن و پەرە بە توانا مرۆییەکانیان بدەن، لە هەمان کاتدا ئەو پێشوەچوون و کارە باشانەی لیوکانی بەرز نرخاند.

دواتر باس لە کەموکوڕی و پێداویستییەکانی لیواکانی پیادە کرا، لای خۆیەوە سەرۆکی ئەرکان بەڵێنی دا کە لەسەر تەواوی ئەو پێداویستییانە بوەستێت کە پێویستن بۆ باشترکردنی تواناکانی لیواکان.

پاشان سەرۆکی ئەرکان و شاندی یاوەری سەردانی بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی دووی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد، لەلایەن لیوا روکن مەریوان، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی دوو، جێگری فەرماندە و ئەفسەرانی فەرماندەییەکەوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، باس لە کەموکوڕی و پێداویستییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی دوو کرا، هەروەها کورتەیەک لەبارەی چۆنیەتیی بڵاوکردنەوەی هێزەکان لە میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە و ئەو شێوازە مەشقییە کرا کە بە شێوازی نوێ هێزەکانی پشتیوانیی دوو پلانیان هەیە پیادەی بکەن.

سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵیی خۆی بەوە دەربڕی کە هێزەکانی پشتیوانیی دوو تواناکانیان لە ئاستێکدایە کە دەتوانن هاوکاریی پشتیوانی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.