Skip to the content

سەرۆکی حکوومەت و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا تاووتوێی هاوکارییە سەربازی و تەناهییەکانیان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کایسا ئۆلۆنگریەن وەزیری بەرگریی شانشینی هۆڵەندا کرد.

وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستاندا هەیە و بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگیی ئاسایش و سەربازی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتەکەیەوە دووپات کردەوە. 

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی شانشینی هۆڵەندای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. 

هەروەها پێزانینی بۆ هۆڵەندا هەبوو کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیە لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ. 

تەوەرەیەکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان؛ هەردوولا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێویستیی ڕێزگرتن و پاراستنی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی هێرش و دەستدرێژییەکان کردەوە. 

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و ڕێز لەیەکترگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش.

بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوو.