Skip to the content

لیوا روکن بەختیار: "یونامی رۆڵی کارا و کاریگەریان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی پڕۆسەی دیموکراسی هەبووە"

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ  مونیئاردزی موتسی، ڕاوێژکاری سیاسیی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، "یونامی رۆڵی کارا و کاریگەریان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی پڕۆسەی دیموکراسی هەبووە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۲، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق،  پێشوازی لە مونیئاردزی، ڕاوێژکاری سیاسیی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان کرد.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كارەكانی یونامی لە عێراق و هەرێمی كوردستان کرا.
ئەمینداری گشتی، ڕۆڵی یونامی و كارەكانیانی بەرزنرخاند و داوای بەردەوامی و هەماهەنگیی زیاتری لێ کردن؛ بە ئامانجی فراوانكردنی پڕۆژە جۆربەجۆرەکان لە هەرێمی کوردستان.
دۆخی كوردستان و عێراق، پەیوەندیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەشێکی تری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.
ئەمینداری گشتی و بەرپرسی یونامی جەختیان لەوە كردەوە، "پێویستە دەستوور پێوەری کارکردنی هەمەلایەنە بێت لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان و مەترسیی داوبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەكە و هەوڵەكان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە تەوەرەی دیکەی دیدارەكە بوون.

ئەمینداری گشتی بە وردی تیشكی خستە سەر دۆخی ناوچەكە و هیوای خواست هەوڵی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی دیمۆگرافیای ڕەسەنی ناوچەكە بدرێت.