Skip to the content

لیژنەی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینی فێرکاری بۆ لیوای ٥ی پیاده ئەنجام دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی پێشمەرگە، بەمەبەستی باشترکردنی ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پڕۆسەی پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام درا.

لەژێر ڕۆشنایی بەرنامە و پلانی داڕێژکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی و پەسندکراو لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە، رۆژانی ٦ و ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، پشکنینی فێرکاری بۆ لیوای ٥ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام درا.

لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، بە سەرپەرشتیی لیوا روکن هۆگر سەلاحەدین، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، بە ئەندامێتیی عەمید روکن فەرهاد، جێگری بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پشکنەر لە چەند بەشێکی جیاواز، تەواوی بەشەکانی بارەگای لیوای ٥ی پیادە و فەوجەکانیان، وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە، کۆگای سووتەمەنی و چەک، کۆگای خۆراک، جبەخانە و ئامادەباشیی فەوجەکان و سریەی کۆماندۆ و توندوتۆڵی و تۆکمەیی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان پشکنی، تیایدا ڕێکار و رێنمایی نوێیان بە بەشەکانی لیواکە دا.

لای خۆیانەوە بەشەکانی لیواکە وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەبوو؛ ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بەپێی ئەو ڕێکار و ڕێنماییە نوێیانە، کە لەلایەن پشکنەرانەوە پێیاندراوە، هەروەها کەموکوڕی و پێداویستییەکانی لیواکەیان دەستنیشانکرد و ڕێگاچارەی پێویستیان بۆ دیاریکرد.

شایانی باسە ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، تاوەکوو سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.