Skip to the content

ئەڵمانیا وەک پشتیوانێکی گرنگی سەربازی و تەندرووستیی پێشمەرگە دەمێنێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئیکۆ فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، تاووتوێی پێشهاتە ئەمنییەکان و بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان کرا؛ هاوکات باس لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە.

سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگیی دەوڵەتی ئەڵمانیا دا لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی و گوتی: "ئەڵمانیا هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، بەتایبەت لە پڕۆسەی چاکسازی و کەرتی تەندرووستیی پێشمەرگە، هەوڵیان بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە داوە، لەم ڕووەشەوە هاوکار و یارمەتیدەرێکی باشی وەزارەت بوونە."

هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کرد، خواستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.