Skip to the content

خواست هەیە نەخۆشخانەی پێشمەرگە فراوانتر و بەهێزتر بکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەر و ستافی نەخۆشخانەی پێشمەرگەوە پێشوازی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە کۆڵۆنێڵ ئیکۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری و ئەمین سڕیی سەرۆکایەتیی ئەرکان، ماتیاس نوێنەری حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی چالاککردنی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی پێشمەرگە کرا، سەرۆکی ئەرکان پاڵپشتی و کارئاسانیی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ چالاککردنی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی پێشمەرگە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "هەبوونی نەخۆشخانەیەک بۆ پێشمەرگە جێگای خۆشحاڵیمانە، بەتایبەت کە ئەو نەخۆشخانەیە خزمەتی پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە دەکات بە بێ جیاوازی."

لەلایەن خۆیانەوە شاندی سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا دووپاتیانکردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندرووستیی پێشمەرگە.

پاشان بە شێوەی مەیدانی، بەشەکانی ناوەوەی نەخۆشخانەیان بەسەرکردەوە و گفتوگۆی وردیان لەگەڵ پزیشک و ستافی بەشەکانی نەخۆشخانە کرد و باسیان لە چۆنیەتیی پەرەپێدانی تواناکانی ستافی نەخۆشخانە لەڕووی پسپۆڕییە پزیشکییەکان و فراوانترکردنی بەشەکانی نەخۆشخانە کرد.