Skip to the content

خولی ڕاهێنانی بنەڕەتیی ئەفسەرانی گەیاندن کۆتاییهات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمرۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە بنکەی مەشق و ڕاهێنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێز، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن، کۆڵۆنێڵ دەیڤد پرایس، بەرپرسی بنکەی گەیاندنی ئەلکترۆنی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق - کوردستان و شاندێکی یاوەری، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پێداویستییەکانی گەیاندنی سەربازی و کەموکوڕییەکانی ئەو بەشە گرنگەی وەزارەت کرا. 
هاوکات باسی پلانی ئایندە بۆ پێشخستنی کەرتی گەیاندن کرا.

پاشان سەرۆکی ئەرکان بەشە جیاوازەکانی بنکەی مەشق و راهێنانی ئامێری هارسی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ ستافی بەشەکان کرد.

لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەرکان ئامادەی کۆتاییهاتنی خولی بنەڕەتیی دووی ئەفسەرانی گەیاندن بوو، کە بۆ ١٤ ئەفسەری گەیاندنی لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەت پێشمەرگە کرابووەوە.

خولی بنەڕەتیی دووی ئەفسەرانی گەیاندن بۆ ماوەی دوو مانگ بۆ ئەفسەرانی گەیاندنی لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە  بەڕێوەچوو؛ وانەکانی ئەو خولە لەلایەن ئەندازیاران و شارەزایانی تایبەت دەگوترانەوە.

لەو خولەدا بەشداربووان لەسەر کۆنترۆڵ و چاودێری و پرۆگرامکردنی سیستەمی DMR ڕاهێنران. 

سیستەمی DMR پڕۆژەیەکی سەرتاسەریی هەرێمییە و یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن کە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەبەستێتەوە، بۆ مەبەستی ناردنی داتا و زانیاری.