Skip to the content

راوێژکاری میدیایی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاڵوگۆڕ کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، عەمید شوان مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتمانی، پێشوازی لە شاندێکی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد.

لە دیدارێکدا، کاپتن یوهانا، کۆتایی ئەرکی خۆی وەک راوێژکاری میدیایی هێزەکانی هاوپەیمانان راگەیاند و کۆڵۆنێڵ ئیڤینینگ-ی وەک جێگرەوەی خۆی ناساند.

عەمید شوان جێگری بەڕێوەبەری گشتی، خەڵاتی رێزلێنان و سوپاسنامەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری پێشکەش بە کاپتن یوهانا کرد و لەپای ئەو خزمەتەی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، سوپاسی کرد.

هاوکات بەخێرهاتنی کۆڵۆنێڵ ئیڤینینگی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست؛ ئامادەیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەپێناو خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە بواری راگەیاندن و هۆشیاریدا پیشان دا.

شایانی باسە، هێزەکانی هاوپەیمانان، لە چەندین بواردا راوێژ بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن، لە ناویاندا بواری راگەیاندن و هۆشیارییە کە لە رێگەی خول و سیمینار و وۆرکشۆپەوە، راوێژ بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن.

دواتر هەریەک لە بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتیمانی و بەڕێوەبەری بەشی سەنتەری میدیا لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن، وەک رێزێک بۆ ماندووبوون و هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە، دیارییان پێشکەش بە کاپتن یوهانا کرد.