Skip to the content

لیژنەی پشکنینی وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینی فێرکاری بۆ لیوای ٣ی پیاده کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ باشترکردنی ئەدا و راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێی پلانێکی تۆکمە و ئامادەکراو و پەسندکراو لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی (المفتشیة العامة)، پڕۆسەی پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات، بۆ ئەم مەبەستە رۆژانی ١٦ و ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، پشکنینی فێرکاریان بۆ لیوای٣ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دا.

لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، بە سەرپەرشتیی لیوا روکن هۆگر سەلاحەدین، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، بە ئەندامێتیی عەمید روکن فەرهاد، جێگری بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پشکنەر، لە چەند بەشێکی جیاواز، تەواوی بەشەکانی بارەگای لیوای ٣ی پیادە و فەوجەکانیان، وەک کارگێڕی و تۆماری رۆژانە، کۆگای سوتەمەنی و چەک، کۆگای خۆراک، جبەخانە و ئامادەباشیی فەوجەکان و سریەی کۆماندۆ و توندوتۆڵی و تۆکمەیی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان پشکنی.لە میانیدا رێکار و رێنمایی نوێیان بە بەشەکانی لیواکە دا.

لای خۆیانەوە بەشەکانی لیواکە وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەبوو؛ ئامادەیی خۆیان بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەپێی ئەو رێکار و رێنماییە نوێیانە دەربڕی کە لەلایەن پشکنەرانەوە پێیان دراوە.

شایانی باسە، ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت.