Skip to the content

لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ یەکەم جار چەندین نەشتەرگەری ئەنجام درا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-دوای سێ ساڵ لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندرووستی بە پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە، دوای کردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی ئۆکتۆبەری٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، چەند نەشتەرگەرییەک لە چەند پسپۆڕییەکی جیاجیا لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەسەرکەوتوویی ئەنجام دران.

لەمبارەیەوە دکتۆر رەزا ئیسماعیل، پسپۆر لە نەخۆشییەکانی کۆمەڵەی دەمار رایگەیاند، "ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار وەک یەکەم کارمان لە هۆڵی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە، سێ نەشتەرگەریمان ئەنجام داوە، پلانمان هەیە و بەردەوام دەبین؛ نەشتەرگەری بۆ تەواوی ئەو پێشمەرگانە دەکەین کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، نەشتەرگەرییەکان لەلایەن خۆمان وەک توانا مرۆییەکانی پزیشکیی خودی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو پزیشکانەی وەک هاوکار و یارمەتیدەر لە وەزارەتی تەندرووستی راسپێردراون بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت، لە ئێستاشدا نەشتەرگەریی گشتی و شکان، دەمار، هەناو ئەنجام دەدرێت."

هاوکات دکتۆر دانا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە، ئاماژەی بە هەوڵە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی راوێژکارانی سەربازیی حکوومەتی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیدا بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی توانا پزیشکییەکانی نەخۆشخانە دا و رایگەیاند، "ئێستا تواناکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ئاستێکی باشدایە."

لیوا روکن هۆشمەند حیدەر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئامادەبوو، وەک نیشاندانی پاڵپشتیی تەواوی وەزارەت بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە و هەر هاوکارییەکی پێویست، هەروەها خۆشحاڵیی خۆشی نیشاندا بەئەنجامدانی یەکەمین نەشتەرگەری بۆ پێشمەرگەیەک و ئاماژەی بەوەدا "هەموو هەوڵی وەزارەت ئەوەیە خزمەتێکی شایستە و پێویست بەو خەبات و قوربانیدانەی پێشمەرگە بکرێت، کە بەگیان و خوێنی خۆیان بەرگریان لە خاک و خەڵکی کوردستان کردووە و دەکەن. "

شایانی باسە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەسەر ئەرکی وڵاتی ئەڵمانیا درووستکراوە و ماوەی سێ ساڵە خزمەتگوزاریی تەندرووستی پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاریان دەکات.