Skip to the content

هاوپەیمانان و بەریتانیا بەردەوامی بە پشتیوانیی پێشمەرگە دەدەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ ٢ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەجیا پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا، سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر راوێژکاری سوپای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەو دوو دیدارەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپای بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرایەوە.

هەر لەو دوو دیدارەدا، رۆڵی هاوپەیمانان لە نێویشیان سوپای بەریتانیا بەرز نرخێندرا؛ بەتایبەت لە تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عیراق.
هاوکات جەخت لە هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان ئەو هێزانە و وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە.