Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشێتە دوو ئەفسەر

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە هۆی کارامەیی و لێهاتووییان لە ئەرکە سەربازییەکانیاندا و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان وەک ئەفسەرێکی دڵسۆز و پیشەیی، لەلایەن لیوا روکن هۆشمەند حیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە عەقید ساڵح فەتاح سلێمان، فەرماندەی فەوجی ١ی لیوای ١٨ی پیادە و عەقید حوسێن سەبغە مەجید، بەڕێوەبەری میرەی لیوای ١١ی پیادە.

لەلایەن خۆیانەوە، هەردوو ئەفسەر خۆشحاڵیی خۆیان نیشان دا، کە بوونەتە مایەی رەزامەندیی جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشراوە، بەڵێنیان دا کە هەمیشە بە دڵسۆزانە و لەخۆبردووانە، بۆ خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگە، ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی و کەمکردنەوەی گەندەڵی، وەک چۆن سزادانی گەندەڵکاران و کەمتەرخەمان بە گرنگ دەزانێت، هاوکات پاداشت و ڕێزلێنانی کارمەند و ئەفسەر و فەرمانبەرانیشی بە بنەمای گرنگ دەزانێت.