Skip to the content

ئەمینداری گشتی ستایشی هەوڵەکانی جەنەڕاڵ هاریس دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ۲٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەت، لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی، پێشوازی لە جەنەڕاڵ کارڵ هاریس، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، گفتوگۆی هەمەلایەنە و بایەخداریان لەبارەی پێشکەوتنەکانی ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد. هاوکات هەردوولا، لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازییەکان، بە گرنگییەوە باسیان لە دوایین گۆڕانگارییەکان کرد.

ئەمینداری گشتیی، گوتی "وێڕای ئاستەنگ و لەمپەرەکان لەبەردەم پڕۆسەی چاکسازیدا، بەڵام هەوڵەکانمان بەردەوامە، لەم پێناوەشدا هەنگاوی باشمان ناوە."

لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، باس لە ڕەوشی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە کرا، بۆ ئەمەش ئەمینداری گشتی روونیکردەوە، "بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، پێویستمان بە کاری هاوبەش و هەمەلایەنە هەیە." لەم ڕوانگەیەشەوە ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە هاوکاری و پاڵپشتییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشـمەرگە بەرزنرخاند. 

جەنەڕاڵ هاریس دووپاتیکردەوە بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوپای عێراق و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا.