Skip to the content

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە 6ی ئەیلولی 2022 سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە كۆنۆنێڵ سۆریا سەرۆكی تیمی راوێژكارانی هێزەكانی هاوپەویمانان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەکدا كە عەمید روكن محەمەد سەعید بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوو، باس لە رەوشی ئەمنی و سەربازیی هەرێمی كوردستان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی عێراق كرا.

لەلایەن خۆیەوە كۆنۆنێل سۆریا تیشكی خستەسەر گرنگیی هەنگاوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێكهێنانی فیرقەكان ئەو ئامادەکاریانەی کراون لەم ماوەیەدا و جەختی لە گرنگیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەردەوامیی مەشق و راهێنانەكانیش كردەوە و گوتی "پلانمان دەبێ بۆ مەشقی پێشمەرگە لە مانگەکانی داهاتوو".

لە بەشێكی تری گوتەكانیدا سەرۆكی وەفدی میوان باسی لە قۆناغەكانی ئامادەكردنی رەشنووسی لێكتێگەیشتن كرد، كە بڕیارە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزاەتی بەرگریی ئەمەریكا لە بواری ئەمنی و سەربازی واژوو بکرێت.

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی سەرۆكی تیمی راوێژكارانی هاوپەیمانی كرد و داوای کرد هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ حكوومەتی عیراقی فیدراڵ بكرێت، لەپێناو زوو پێكهێنانی دوو لیوا هاوبەشەكەی نێوان هەرێمی و بەغدا بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوان هەردوولا.

هاوكات سەربەست لەزگین تیشكی خستە سەر قۆناغەكانی پێكهێنانی فیرقەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو بارەیەوە روونكردنەوەی پێویستی خستەڕوو، کە هەردوو لیژنەكانی پەیكەربەندیی (میلاك) و هەڵبژاردنی ئەفسەران لە کۆتایی کارەکانیاندان و هەموو هەماهەنگییەک دەکەن بۆ مەشق و ڕاهێنانی ئەفسەران بۆ فیرقەکان لەلایەک و پێشمەرگە لە لایەکی ترەوە.