Skip to the content

بەدواداچوون بۆ کەموکوڕی و پێداویستییەکانی لیوای حەوتی پێشمەرگە کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە بە یاوەری عەقید فەرمان زراری جێگری بەڕێوەبەری میرەی گشتیی سەربازی، سەردانی بارەگای لیوای ٧ی پیادەی لە سۆران کرد و لەلایەن عەمید فەقێ محەمەد عادۆ فەرماندەی لیوا و جێگر و ئەفسەرانی لیواوە پێشوازی لێ کرا.

ئامانج لەو سەردانەدا ئاگاداربوون بوو لە بارودۆخ و ڕەوشی توانا سەربازییەکان و پێداویستییە لۆجستییە گرنگ و پێویستەکانی لیواکە لەڕووی کارگێڕی و میرەوە، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە لەنزیکەوە گوێی لە داواکاری و تێبینییەکانی فەرماندە و جێگر و ئەفسەرانی لیوا گرت و بەڵێنی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی وەرزی زستانی پێ دان، بەتایبەت ئەم لیوایانەی کە ئەرکەکانیان دەکەونە ناوچە شاخاوییەکان.

پاشان جێگری سەرۆکی ئەرکان سەردانی  فەرماندەیی ١ی لیوای ٧ پیادەی کرد و لە نزیکەوە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لە زینووی وەرتێ بەسەرکردەوە.

لە کۆتایی سەردانەکەیدا جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی فەرماندە و ئەفسەران و پێشمەرگەکانی لیوای ٧ی کرد کە خەمخۆرانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.