Skip to the content

بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا پشتیوانییان بۆ چاکسازی نوێ دەکەنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی لیوا روکن نەجمەدین عومەر قادر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی راوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان (بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا)ی کرد.

کۆبوونەوەکە بە مەبەستی پاڵپشتیی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی وەزارەت و داڕشتنی پلانی کورت، ناوەند، درێژمەودا بۆ رێکخستنەوەی پڕۆسەکە.

لەم بارەیەوە سەرۆکی ئەرکان جەختی لە پلان و میکانیزمی پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی پڕۆسەی چاکسازی کردەوە کە لە رابردوودا بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچووە، لەئێستاشدا هەنگاوی پراکتیکی پێویست نراوە بۆ دامەزراندنی دوو فیرقە لە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەفسەرانی پۆل، داڕشتنی پلانێک بۆ چالاککردنی بەشی ڕشتەکان لە وەزارەت دەکات، هەروەها کاردەکرێت بۆ داڕشتنی ژێرخانێکی بەهێز بۆ بارەگا سەربازییەکان و درووستکردنی بینایەی نوێ بۆ دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، کە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەکەکان لەخۆبگرێت، وێڕای کاری وەزارەت بۆ رێکخستنی فایلی خانەنشینی ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەت و بەهێزکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە، کە ئامانجی سەرەکیی سەرکەوتنی پڕۆسەکەیە.
ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕاوبۆچوونی خۆیان لەبارەی پلانی پێشنیارکراو دەربڕی و پاڵپشتیی خۆیان و وڵاتەکانیان بۆ پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە پیشان دا، هەروەها دابینکردنی ڕاوێژکار و پاڵپشتیی زیاتر و پێویستیان بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی بەرنامەی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەت دووپاتکردەوە.