Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرێبەستەکان کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ۲٥ی ئەیلوولی ۲٠۲۲، بەسەرپەرشتیی عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاکسازی و عەمیدی ئەندازیار باوەڕ بەختیار شەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان، بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرێبەستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەشەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرێبەستەکان و تیمی چاکسازی پڕۆژەی گرێبەستەکان ئامادەی بوون، پلان و ئامادەکاری پێویست بۆ چالاککردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە و زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی پڕۆسەی تەندەر دەبێتەوە، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەروەها قۆناغەکانی تەندەرلێدان و گرێبەستەکان، بەپێی رێنمایی ژمارە ۲ی ساڵی ۲٠۱٦ تایبەت بە جێبەجێکردنی گرێبەستە حکوومییەکان تاوتووێ کران.

شایەنی باسە، گرێبەستەکان وەکو بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتییە کە سەر بە ئەمینداریەتیی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەیە؛ یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە تایبەتە بەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە، کە لەلایەن راوێژکارانی وڵاتی بەریتانیاوە راوێژی پێ دەدرێت.