Skip to the content

حکوومەتی فینلاند پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ۱٨ی ئەیلوولی۲۰۲۲، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە ماتی لاسێلا باڵیۆزی وڵاتی فینلاند لە عێراق و فەرماندەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێم کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆی هەمەلایەنەی بایەخدار سەبارەت بە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردوولا و پاراستنی ئامانجە هاوبەشەکان لە ڕوووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا کرا.

وەزیری پێشمەرگە سوپاسی گەل و حکوومەتی فینلاندی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی ڕاوێژکارانی سەربازی ئەو وڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگە لە ماوەی شەڕی داعشدا.

ماتی لاسێلا ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.