Skip to the content

راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە و شاندێکی هاوپەیمانان تاووتوێی پرسی پێشمەرگەیان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لیوا روکن ئیبراهیم ساڵح، راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا، سەرۆکی تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و جێگری تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کرا، کە لەو رێگەوە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت، بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەناو فیرقە و لیواکاندا، لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

هەر لەو دیدارەدا، باس لە هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرا، هەردوولا جەختیان لە کاری هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کردەوە.