Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان بەجیا پێشوازی لە راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت بەجیا پێشوازی لە کۆڵۆنێڵسان بۆرن بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێم و کۆڵۆنێڵ بارت راوێژکاری سەربازیی وڵاتی هۆلەندا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریانی کرد.

لە وێستگەی یەکەمی دیدارەکەدا فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان بەئامادەبوونی عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە چاوی بە کۆڵۆنێڵ سان بۆرن بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کەوت، سەرۆکی ئەرکان ستایشی راوێژکارانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای کرد بۆ هەوڵ کۆششە بەردەوامەکانیان بەتایبەت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکات هاوکارییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ پرچەککردنی هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاند.

سەرۆکی ئەرکان پاڵپشتیی تەواوی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ شاندی میوان دەربری لە پێناو کاری هاوبەش بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە.

لە وێستگەی دووەمدا سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە شاندی راوێژکارانی سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەلایەن خۆیەوە کۆڵۆنێڵ بارت کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی راگەیاند و کۆڵۆنێڵ هانسی وەک جێگرەوەی ناساند، سەرۆکی ئەرکان سوپاسی راوێژکارانی سەربازیی وڵاتی هۆڵەندای کرد و ئاماژەی بەوە دا کە راوێژکارانی ئەو وڵاتە دەورێکی گرنگیان هەیە لە پرۆسەی ریفۆرم لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و هەمیشە کارەکتەرێکی باشی پێشکەوتنی پرۆژەکانی وەزارەت بوونە.

شایانی باسە هەر ئەمڕۆ شاندی راوێژکارانی سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا بە مەبەستی ماڵئاواییکردن سەردانی عەمید توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری سەربازی ستایشی کارەکانی رابردووی کۆڵۆنێڵ بارتی کرد و خۆشحاڵیی خۆشی بە کارکردن لەگەڵ راوێژکارانی سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا دەربری.