Skip to the content

‎لیوای ٢٢ی پیادە ئۆپەراسیۆنێکی لە ناوچەی قەرەحەسەن ئەنجام دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتیی عەمید محەمەد عەبدوڵا تەپەدێیی، فەرماندەی لیوای ٢٢ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری ناوچەی قەرەحەسەن بۆ گوندەکانی جەوەڵ بۆر و ئاخورگورجی و ئەو ناوچانەی کە گومان دەکرا تیرۆریستانی داعش وەک رێڕەوی هاتوچۆ و مانەوەیان بەکاری بهێنن، ئەنجام دا.

ئۆپەراسیۆنەکە لە چوار قۆڵەوە دەستیپێکرد و ماوەی شەش کاتژمێر بەردەوام بوو، کە یەکەکانی لیوای ٢٢ی پیادە بەشداربوون.

ئەم ئۆپەراسیۆنە، دوای ئەوە دێت، لە کۆتایی مانگی ئابدا تیرۆریستانی داعش دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەکەیان شەهید کرد.

لیوای ٢٢ی پیادە دوای گواستنەوەیان لە فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠، ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوو کە ئەنجامیان داوە.