Skip to the content

لە دهۆک رێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتیی تەندرووستیی دهۆک واژۆ کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند رەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، دکتۆر ئەفراسیاب بەڕێوەبەری تەندرووستیی دهۆك، ماتیاس نوێنەری حکوومەتی ئەڵمانیا لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر و بەڕێوەبەری و جێگری بەڕێوەبەر و بەرپرسی ئیدارەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لە سەنتەری راهێنانی کلینکی cstc، لە شاری دهۆک، رێککەوتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتیی تەندرووستیی دهۆك واژۆ کرا.

رێککەوتنامەکە، بۆ راهێنانی کارمەندانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەیە، بۆ زیاتر شارەزابوونی کارمەندانی تەندرووستیی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەکاتی راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانیان.

جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی تەندرووستیی دهۆک و سەرۆکی سەنتەری کلینکی cstc ی کرد، بۆ ئەم هاوکاری و هەماهەنگییانە، هیوای خواست ئەم هەوڵانە بەردەوام بن، بۆ خزمەتکردنی زیاتری توانا تەندرووستییەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە لەڕووی تەندرووستییەوە.

شایانی باسە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر یەکێک لە هاوکارییەکانی حکوومەتی ئەڵمانیایە بۆ پێشمەرگە، لەماوەی دەستبەکاربوونییەوە خزمەت بە لایەنی تەندرووستیی پێشمەرگە دەکات