Skip to the content

وڵاتی هۆڵەندا پشتیوانییەکانی بۆ چاکسازیی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ هانس راوێژکاری باڵای سەربازیی هۆڵەندا و کۆڵۆنێڵ یان پاشکۆی سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، تاووتوێی هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە کرا، هەردوولا جەختیان لەسەر خێراترکردنی هەنگاوەکانی ئەو پڕۆسەیە، بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.

لە تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی دروستکردنی دوو فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی باشترکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، کرد.

سەرۆکی ئەرکان بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە بە گرنگ و پێویست زانی، شاندی میوان لای خۆیەوە، بەڵێنیان دا کە بەردەوام بن لە هاوکاری و هەماهەنگییە لۆجستی و راوێژکارییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.