Skip to the content

وڵاتی هەنگاریا هاوکارییە سەربازی و لۆجستییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ ٤ ئەیلوولی ٢٠٢٢، عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە شاندێکی سەربازی کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتی هەنگاریا کرد.

کۆلۆنێڵ ژۆڵت بەرپرسی پەیوەندییە سەربازییەکانی کونسوڵخانەی گشتیی هەنگاریا لە هەولێر کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی بە بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت راگەیاند و مێجەر گەبۆری وەک شوێنگرەوەی خۆی ناساند.

لە دیدارێکدا باس لە هاوکاری و هەماهەنگیی وڵاتی هەنگاریا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا بەتایبەت لە بواری مەشق و راهێنان و بواری پزیشکی.

شاندی میوان دووپاتیان لە بەردەوامیدان و زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەنگاریا کرد لەڕووی سەربازییەوە، هەردوولا بەگرنگییەوە لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانیان روانی.

بەرپرسی پەیوەندییە سەربازییەکانی کونسوڵخانەی گشتیی هەنگاریا رایگەیاند "وڵاتەکەی ئارامی و سەقامگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەخوازێت، لەم روەوەش ئامادەیی هاوکاری و هەماهەنگیکردنن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە".

شایانی باسە وڵاتی هەنگاریا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەندامی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتییە دژی داعش و رۆڵی هەبووە لەیارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.