Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگه و هێزەکانی ئەڵمانیا رێککەوتنامەیەکی هاوبەش واژوو دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی 6ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت، لیوا روکن بەختیار محمد ئەمینداری گشتی و هەردوو جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، پێشوازی لە کلۆدیۆ کۆردۆنی جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات کرد.

لەو دیدارەدا وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بوون. 

لە وێستگەی دووەمدا، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسی ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا لە هەرێم کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا بە مەبەستی هەماهەنگیی زیاتر و پاڵپشتی و پشتیوانیی کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێککەوتنامەیەک دەربارەی دابینکردنی هاوکاریی پزیشکی و لۆجیستی بۆ نەخۆشخانەکانی پێشمەرگە لە هەرێم واژوو کرا.

وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد کە وەک ئەرکی هەمیشەییان خزمەتیان بە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە لە ئێستا و رابردووشدا.

لە دیدارێکی دیکەدا وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە
کۆڵۆنێڵ سۆریا بەرپرسی نوێی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێم کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا وێڕای پیرۆزبایی و دەستبەکاربوونی لە
ئەرکی نوێدا، وەزیری پێشمەرگە هیوای خواست ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هەروەها سوپاسی پشتیوانییەکانی هاوپەیمانانی کرد لە پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.