Skip to the content

پاشکۆی سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، شاندێکی پاشکۆی سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا لە عێراق، کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ هانس ڤۆرکێ و موقەدەم یان ویلیەم، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن عەمید ئەندازیار نەبەز سەلاح سدیق، بەڕێوەبەری چاکسازی و ژمارەیەک ئەفسەر و تیمی پڕۆژەکانی چاکسازی، پێشوازیان لێ کرا.

لە کۆبونەوەیەکدا، بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە خرایەڕوو و شاندی میوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دووپاتکردەوە.

هەر لەو سەردانەیاندا، شاندی پاشکۆی سەربازی و ڕاوێژکاریی وڵاتی هۆڵەندا، سەردانی سەنتەری زمانی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن عەمید کاروان بابان پێشوازیان لێ کرا و لە نزیکەوە ئاگاداری بەڕێوەچوونی کۆرسەکانی زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی بوون.

جێی ئاماژەیە وڵاتی هۆڵەندا لە لەڕووی چاکسازییەوە، هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، لەوانەش بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی پێشمەرگە کە بە شێوازی چەکی بانکی و رێکخستنی یەکەی ژمێریاری بۆ یەکە حسابیەکانی یەکەکانی حەفتا و هەشتا جێبەجێ دەکرێت. وێرای چەندین پرۆژەی دیکە.