Skip to the content

پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ چەند یەکەیەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام درا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشترکردنی پێهەستان و راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیوایەکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێی پلانێکی تۆکمە و پەسندکراو، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی (المفتشیة العامة)، پڕۆسەی پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات. 

بۆ ئەم مەبەستە رۆژانی ٤ و ٥ و ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، پشکنینی فێرکاریان بۆ یەکەکانی فەرماندەیی کاروباری کارگێڕی و فەرماندەیی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دا. 

لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، بەسەرپەرشتیی لیوا روکن هۆگر سەلاحەدین بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، بە ئەندامییەتیی عەمید روکن فەرهاد جێگری بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پشکنەر لە چەند بەشێکی جیاواز، تەواوی بەشەکانی ئەو یەکانەیان وەک کارگێڕی و تۆماری رۆژانە، کۆگانی چەک و تەقەمەنی و کۆگای خۆراک، جبەخانە و شێوازی راپەڕاندن و راییکردنی ئەرک و کارەکانی یەکەکانیان پشکنی. 

شایانی باسە ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێ و سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە.