Skip to the content

ڕاوێژكاری باڵای سەربازیی بەریتانیا پشتیوانیی خۆی بۆ چاکسازییەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ۷ی ئەیلوولی۲۰۲۲، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە  پێشوازی لە مارشاڵ سامی سامپسن ڕاوێژكاری باڵای سەربازیی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و وەفدێکی یاوەری کە پێکهاتبوون لە دەیڤد هەنت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر و کۆڵۆنێڵ رۆب داریڤەر راوێژکاری هێزەکانی بەریتانیا لە هەرێم کرد. 
لە كۆبوونەوەكەدا کە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محمد سدیق ئەمینداری گشتی ئامادەی بوون،  گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا  كرا.

چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و لەمپەر و ئاستەنگەکانی ئەو پڕۆسەیە و دوایین هەنگاوەکانی، بەشێکی تری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی پێکهێنا. 

وەزیری پێشمەرگە روونیکردەوە کە پڕۆسەی چاکسازی پڕۆسەیەکی قورسە، بەڵام ئاستەم نییە و ئەوەی دەستمان داوەتێ بە هاوکاریی هاوپەیمانان ئاسان نەبووە و  جێگەی بایەخی زۆرە.
گوتیشی "ئاستەنگ و لەمپەر هەن، بەڵام پێویستیمان بە هاوکاریی هەمەلایەنەی هەمووان هەیە". 

ماڕشاڵ سامی سێمپسن، رایگەیاند "بەتەواوی پشتیوانی و پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەکانی وەزیری پێشمەرگە دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە کورد و پێشمەرگە پێویستییان بە داڕشتنی ستراتیژییەتی دوورمەودایە بۆ درووستکردنی هێزێکی تۆکمەی سەربازیی یەکگرتوو".