Skip to the content

بە بەشداری وەزارەتی پێشمەرگە، کونفرانسی رێگریکردن لە ھێرشەکانی چەکی کیمیایی لە لاھای بەرێوەچوو

ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣، کونفرانسی لاھای بۆ "ڕێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیایی سەرەتایی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست'' بەڕێوەچوو کە  ڕێکخراوی CRDF - Global سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەم کونفرانسەی لە ئەستۆ گرتبوو.
 
لە کۆنفرانسەکەدا شارەزایانی بواری کیمیایی لە FBI و ئینتەرپوڵ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشداری کونفرانسەکە بوون.ھاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و شارەزایانی بواری کیمیایی لە وڵاتی ئوردن بەشداری کونفرانسەکە بوون و لە عێراقیش ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای سەربازی عێراقی بانگهێشتی کونفرانسەکە کرابوون و لە ھەرێمی کوردستانیش چوار ئەفسەر ئاماده بوون که دوو ئەفسەر سەر به وەزارەتی پێشمەرگە و دوو ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بوون. 

لەم کونفرانسەدا، بەشداربووان جەختیان لەسەر پەرەدان به ھەوڵە ھاوبەشەکان بۆ ڕێگریکردن لە تیرۆرستان بۆ دەستکەوتنیان به ھەر جۆره کەرەستەیەک کە ببێتە ھۆی دروستکردنی چەکی کیمیایی کرد و ئاماژەش بەوەکرا کە چاودێری ئەو کیمیاوییانە بکرێت کە دەبنە ھۆی دروستکردنی بۆمبە کیمیاییەکان لە لایەن تیرورستانەوه. 

له بەشێکی دیکەی ئەم کونفرانسه ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارازەیان لە بواری چەکی کیمیایی، تەوەری مەترسی دەستپێڕاگەیشتنی تیرۆرستان به ماددە ژەھراوییەکان و بەکارھێنانیان دژ به خەڵکی سڤیلیان، خسته بەر باس و گفتووگۆ.

کونفرانسی لاھای بۆ "ڕێگریکردن لە ھێرشەکان بە چەکی کیمیاوی سەرەتایی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست" لە ڕۆژی ٢٨ی ئەیاری ٢٠٢٣، دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو.
لە کۆتا ڕۆژی کونفرانسەکەدا و بە ئامادەبوونی کونسوڵی ئەمریکا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاویOPCW و بەرپرسانی کونسوڵخانەی عێراق و ئوردەن لە ھوڵەندا، کونفرانسەکه بە دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر بەشداربوواندا کۆتایی پێهات.