Skip to the content

بە بەشداری نوێنەرانی هێزەکانی پێشمەرگە خولێکی دوو رۆژەی راگەیاندن لە بەغدا بەڕێوەچوو

بە ئامانجی گەشەپێدانی تواناكانیان و باشتر کردنی پەیوەندییەکان لە نێوان هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر ئاستی راگەیاندن، لە رێکەوتی ٨ و ٩ی ئاداری ٢٠٢٣، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، خولێكی دوو رۆژەی راگەیاندنی لەسەرئاستی فەرماندە، بۆ سەرجەم ئەفسەرانی راگەیاندنی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە رێكخست.

لە خولەکەدا، چەند وانەیەک پێشکەش کران، تیایدا شێوازی مامەڵە کردنی فەرماندە سەربازییەكان لەگەڵ راگەیاندن و رۆڵی ئەفسەرانی راگەیاندن لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەكاتی لێدوان و بەڕێوەبردنی كۆنگرەی رۆژنامەنوسی خرانەڕوو.

لە خولەكەدا فەریق روكن قەیس محمداوی، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا چەندین راسپاردە و بیروڕای لەسەر گرنگی راگەیاندنی سەربازی پێشكەش كرد و رایگەیاند:''یەكێك لە بەهێزترین چەك بۆ رووبەڕوو  بوونەوەی داعش راگەیاندنە، بە مەرجێك بتوانین هونەرەكانی گەیاندنی پەیام و لێدوانەکان لە كات وشوێنی گونجاو بەكار بهێنین.''

 فەریق روكن قەیس محمداوی راشیگەیاند:''ئەفسەران و بەرپرسانی راگەیاندنی سەربازی دەبێت باگراوندێکی رۆشنبیری فراونیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن گفتوگۆ بکەن لەبارەی سەرجەم پسپۆڕیەکان، هەروەها وتیشی لەکاتی لێدوان و کۆنگرە رۆژنامەوانیەکاندا،پێویستە پەیامەکان راستگۆیانە بگەیەنن بە رای گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بابەتە ئەمنیە نهێنییەکان بپارێزرێن، لە کۆتایی وتەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووان خواست.''