Skip to the content

خولێکی یاسای مرۆیی بۆ ئەفسەرانی هۆشیاریی پێشمەرگە تەواو بوو

ڕۆژى چوارشەممە، ٨ی ئاداری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی پەیمانگای قورتوبە بۆ ئاشتی، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی دوو ڕۆژە لەژێر ناونیشانی "یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی" کە بۆ هۆشیاریی هێزەکانی پێشمەرگە کرابووەوە، بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ستایشی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد کە بایەخ بەم جۆرە خولانە دەدات و هەروەها بە سوپاسەوە ڕۆڵی پەیمانگای قورتوبەی بۆ ئاشتی بەرز نرخاند، کە پەیوەندی و هەمانگیی باشیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەیە.

زێباری لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، باسی لە چەندین زانیاری و وردەکاری لەبارەی هەستیاریی هەڵسوکەتی پێشمەرگە و پابەندبوونی بە یاسا و ڕێسا مرۆیی و جەنگی و نێودەوڵەتییەکان کرد، وەک پێوەرێک بۆ پاڵپشتیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەرک و ڕۆڵی هەستیاری پێشمەرگەی لەم بوارەدا بە کاریگەر دانا، داواشی کرد بەردەوام بایەخ بەم جۆرە خولانە بدرێت و هەوڵ بدرێت ئاستی هۆشیاریی یاسایی و مرۆییی پێشمەرگە زیاتر بەرەوپێش ببرێت.

شایانی باسە، ئەم خولە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، لەلایەن پەیمانگای قورتوبە بۆ ئاشتی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زیاتر لە ٣٠ ئەفسەری بەشەکانی هۆشیاریی نیشتیمانی کرابووەوە و تیایدا چەندین وانە و بابەتی گرنگ لەبارەی یاسا و ڕێسا مرۆیی و جەنگییەکان و ئەرک و ڕۆڵی هێزە چەکدارەکان پێشکەش کران.