Skip to the content

لۆگۆی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی بەخشرایە ڕاوێژکارێکی باڵای سەربازی هێزەکانی هۆڵەندا

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ئاداری ٢٠٢٣، کۆڵۆنێڵ هانس ڤرۆیف، ڕاوێژکاری باڵای سەربازی هێزەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، لە دوو دیداری جیادا لەلایەن عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێشوازی لێکرا. 
 
لە وێستگەی یەکەمی دیدرەکەدا عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ هانس ڤرۆیف کەوت و لەو دیدارەدا کۆتایی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان بە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند و کۆڵۆنێڵ کیس مارسێلیسی، وەک جێگرەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی سەربازی سوپای هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ناساند .
 
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لە بارەی دواین هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ کرا. 
 
لەوێستگەی دووەمی دیدارەکەدا فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازیان لە کۆڵۆنێڵ هانس، کرد و لەو دیدارەدا کۆڵۆنێڵ هانس کۆتایی ئەرکەکەی بە سەرۆکی ئەرکان ڕاگەیاند و کۆڵۆنێڵ کیس مارسێلیسی، وەک جێگرەوەی خۆی ناساند.
 
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ستایشی کارەکانی کۆڵۆنێڵ هانس ڤرۆیفی، کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامی داون لە بوارەکانی هەماهەنگی و هاوکارییەکانییان و پێدانی ڕاوێژ بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پاڵپشتیکردن لە پڕۆگرامی چاکسازی  لە وەزارەتی پێشمەرگە و راشیگەیاند:'' شانازی بە پێکەوە کارکردنی هێزی پێشمەرگە وهێزەکانی هاوپەیمانان لە نێویاندا هێزەکانی هۆڵەند دەکەین کە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بە تایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێناندا.''
 
لەلایەن خۆشیەوە راوێژکاری باڵای سەربازی هێزەکانی هۆڵەندا گوتی: ''جێگای شانازیمە و خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە کارم لەگەڵ  پێشمەرگە کردووە و دڵسۆزی و گیانفیدایی پێشمەرگە لەبیرناکەم.'' ڕاشیگەیاند: ''هیوام بە پەیوەندی دۆستایەتی نێوان وڵاتەکەم وهەرێمی کوردستان هەیە کە گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.''
 
له‌كۆتایی دیدارەکەدا، بە بۆنەی ماڵئاواییکردن و وەک نیشاندانی سۆز و وەفای پێشمەرگە بۆ ڕاوێژکاری سەربازی هۆڵەندا لە به‌رامبه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگەی وەک دیاری لەلایەن بریکاری وەزارەتی  پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکانەوە بەخشرایە کۆڵۆنێڵ هانس.