Skip to the content

هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کێوماڵی بناری چیای قەرەچوغی کرد

بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل دروستیان کردووە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئۆپەڕاسیۆنێکی کێوماڵکردنی لەو ناوچانە کرد کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێ دەکرا. 

ڕۆژى ٤ی ئاداری ٢٠٢٣، لیوای ١٤ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوکاری و پاڵپشتیی بەشی سەگەوانیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە (کەى٩) لە بناری چیای قەرەچوغ  ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد. 
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، لیوای ١٤ی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی گاوار و خدرجیجە تاکوو شەقامی مەخمووری لە بناری چیای قەرەچوغ کرد؛ ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بوو، هاوکات بەرقرارکردن و سەقامگیرکردنی ئەمنییەت و ئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو کە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەکدارانی داعشی لێ دەکرا.