Skip to the content

هەرێمی کوردستان و ئیتالیا هاوکارییە سەربازییەکان بەهێزتر دەکەن

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەى هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگییە سەربازییەکان دەکەنەوە.

ڕۆژى ٦ی ئاداری ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دانیال، فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و بەشێک لە ئەفسەرانی هێزی ئیتالیا لە هەرێم ئامادەی بوون، چالاکییەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئیتالی لە هەرێمی کوردستان لە بواری مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکارییەوە خرایە بەرباس. هاوکات تیشک خرایە سەر هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی هێزەکانی ئیتالیا بۆ هێزی پێشمەرگە.

سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵیی خۆی بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا: "وڵاتی ئیتالیا لە ڕێگەی ڕاوێژکارەکانییەوە لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش هاوکار و دۆستێکی باش بوو لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە." هاوکات ئومێدی زیاتری دۆستایەتیی هاوپەیمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا هەردووک لا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازیی ئیتالیا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لە بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە؛ بۆ سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژە هاوبەشەکان لە هەرێمی کوردستان.