Skip to the content

خولی ڕاهێنانی ڕێسا میدیاییەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هات

ڕۆژى ٩ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی و عەمید شوان مەحموود، جێگری بەڕێوبەر و بەڕێوبەر و جێگری بەڕێوبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی، لە سەنتەری هۆشیاریی پێشمەرگەی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی، بە هاوکاریی شارەزایان و ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی بە خولی خوێندنی ڕێساکانی میدیای سەرکەوتوو و چۆنییەتیی کارکردن لە بواری سۆشیاڵمیدیادا هات؛ لەم بارەیەوە عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە گوتەیەکدا دەستخۆشی لە ستافی ڕاهێنەران و ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان کرد، کە بە درێژاییی ئەم خولە بە شێوەی تیۆری و مەیدانی هاوکار بوون لە گەشەپێدانی توانای بەشداربووان؛ هاوکات هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی وڵاتی ئەڵمانیای لە بواری میدیا بۆ هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاند و هیواشی خواست هاوپەیمانان لە داهاتوودا بەردەوام بن لە کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بۆ ئەوەی بەیەکەوە لە بواری سۆشیاڵمیدیادا کار بکەن بۆ نەهێشتنی هزری توندڕەوی. 

کۆڵۆنێڵ ڤین والت، ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی، لە گوتەیەکدا گوتی ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ڕاوێژکاری هەرە بەتوانای میدیاییی هاوپەیمانان هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کار دەکەن و ئێمە بەیەکەوە لە ڕێگەی ڕێکخستنێکی دروستی میدیایی دەتوانین بەیەکەوە ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆرستییەکان ببینەوە و هاوکات کۆڵۆنێڵ ڤین والت ئاماژەی بەوەش دا کە شەڕی دژی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان تەنیا لە ڕێگەی چەک و تانکەوە نییە، بەڵکوو پێویستە پێشمەرگە لەڕووی میدیاییشەوە پەرە بە تواناکانی بدات، بۆ ئەوەی لە داهاتوو بتوانێت بە شێوەیەکی دروست شەڕی میدیایی دوژمنەکەی بکات. 

لەم خولەدا ١٤ ئەفسەر و کارمەندی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەشدارییان لە خولی خوێندنی ڕێساکانی میدیای سەرکەوتوو و کارکردن لە سۆشیاڵمیدیادا و سەکۆکانی سۆشیاڵمیدیا کرد و وانەکانی ئەم خولەش لەلایەن ڕاهێنەران و مامۆستایانی وڵاتی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی  پێشکەش دەکران؛ لە کۆتاییدا بڕوانامەی دەرچوون بە بەشداربووانی خولەکە بەخشرا.